ئیستاش دڵم لێئەدات کە وەکوو ئەو جارەکە، چەقۆیەک هەڵگرم و دیسان گۆشتەکەی بقڵیشێنم و تماشایان بکەم. بزانم ئەوە چییە کە بە ژێر پێستی قاچم، لە ناو گۆشتەکەی و لە ناو ئسقانەکانی دا دێت و دەچێ. بۆ ناهێڵی ئۆقرە بگرم. وا کاتژمێر سێی شەوی جێهێشت و خەریکە کوێر ئەبم بۆ خەو. بەڵام ئەم جارە دانەیەک نیین، لە چەند لاوە و بە چەند شێوەیەکی جیاواز هاوار دەکەن. هاوشێوەیی شەڕە قسەی خەڵکی ناو گوند. یەکێکیان ژنێکە کە بە دەنگێکی بەرز ئەقیژێنی. ئەوی دیکەیان پیاوێکی کەوتوە ناو ساڵە و، لە سەر ئەژنۆیەشم ئەوەی کە هەندێ لە سەر خۆیە، وەکوو کوڕێکی جەوان دێتە بەر چاوم. هەست کردن بە ئێشەکان، گۆڕدراوە وەکوو دەنگ دەکەونە بەر گوێم. دەنگی ئیشەکان دەبیسم و قسەکانیان تێکەڵاوە و وەکوو ژاوەژاو دێتە بەر گوێم و هیچی لێتێناگەم. کاتژمێر لە چواری بەیانی لاداوە. ئیدی ناتوانم گوێیان لێبگرم. لە نێوان خەو و بێداریدا بە جارێک جەستەم وەکوو گوندەکەمان هاتە بەرچاو کە سەرم، ماڵی خۆمانە کە ماڵی هەر بەرزی گوندەکەیە و بە سەر هەموو ماڵەکانی دیکەدا دەڕوانی. لە نێوان وەنەوزدانا جەستەی بوو بە گوندی خۆمم تماشا دەکرد. ئازاری سەرپێی ڕاستم، هەر کەمێک لە پەنجەکانی پێم بەرەو سەرتر کە هێشتا نەگەیشتبێتە قولم، هاوشێوەی ژنەکە دەهاتە بەرچاو. ئازاری سەر کەشکەژنۆی ڕاستم وەکوو کوڕە جەوانەکە و ئەوەی شلکەی ڕانی چەپم وەکوو پیاوە ڕۆیشتووە ناو ساڵەکە دەهاتە پێش چاوم. ئێشەکانی قاچم ئەمشەو، کەسایەتییان بۆ خۆیان وەرگرتووە. سەرجەمیان وەکوو ئەوەی کردبێتیان سەر ماڵی خۆیان وا بوون. جا لەو حاڵەدا دەستیان بە شەڕە قسە کردبێ. لە بەر ئەوەی لە ژاوەژاوی قسەکانیان تێنەدەگەیشتم وەکوو پیشەی هەموو جارێکم، خوێندوەم بۆ قسەکانیان دەکردن و لە زەینی خۆما ئەمگووت؛ ئەوە هەموویان لە سەر ئەوە شەڕیان کە بۆ لە یەک کاتا بەربوونەتە لاقەکانم. هەرچۆن خەڵکی گوند لە سەر نۆبەبڕێ نۆرەئاو شەڕە قسە دەکەن و بە یەکدی دەڵێن؛ نۆرەی منە. ئەوانیش لە سەر ئەوەی ئەمشەو نۆرەی کامیانە لە لاقم دا بێ و بچێ و من هەستی پێبکەم، شەڕیان بوو. لە هەمووی خراپتر ئەمشەویش وەکوو شەوەکانی تر کە فانتۆمەکان زیاد ئەبن، دیسان ناهێڵین بخەوم. ئەمە چەندەمین شەوە کە ناهێڵین هەتا دونیا ڕووناک دەبێتەوە، وەنەوز بچێتە چاوم؟ نازانم. چوونکە حەسابم لە دەست دەرچووە. هەر ئاوەها بڕوات تەنیا یەک چارەم هەیە، ئەویش ئەوەیە وەکوو ساڵەکەی ئەو جار چەقۆکەیان بۆ هەڵگرم. وەکوو ئەو نیوەشەوەی کە بە دزییەوە لە چێشتخانەکە چەقۆیەکم دزی و سەر ئەژنۆی خۆم، ئەو شوێنەی کە ئێسقانەکەی هەست پێدەکەی، دایە بەر چەقۆ. بە درێژایی ٦- ٧ سانیتمیتر و قووڵییەکەی هەتا سەر ئێسقان، ئەژنۆی خۆمم بڕی. خوێن فیچقەی کرد. خوێن بە لاقمدا شۆڕ بوویەوە. تماشاییەکی ناو برینەکەم کرد. ئازارەکەم نەبینی. لەو وەختەی کە هەوڵم ئەدا بەر بە خۆێنڕۆیشتی زیاتر بگرم و برینەکەم ببەستم، لەوەی کە ئازارەکە تەواو نەبووبوو و نەمبینی بوو نارەحەت نەبووم. بەڵکوو هەستم بە دڵ فەرێحی دەکرد.
م. س شوان - ٢٠٢٠/٠٣/٠٤
تێبینی: کورتەچیرۆکێکی ڕاستینی ژیانی منە.
تێبینی: کورتەچیرۆکێکی ڕاستینی ژیانی منە.
No comments:
Post a Comment