Wednesday, November 27, 2019

ئارمانج کەربۆران - حوسێن ئاکدۆغان


لە ڕواڵەتێک، لە نیگایەک، لە دڵەخورپەیەک، لە جۆش و خروشێک و لە پەیکەری بەرجەستەبووی "جوانی" وەکوو چەمک و فەلسەفەکەی دەگەڕێت، تماشای "ئارمانج" بکە.
لە واتا، لە ناوەڕک، لە سەرچاوە و کرۆکی ژیان ئەگەڕێی، وایە بەرجەستەبووەکەی "ئارمانج" بە هەموو هەیبەتی خۆییەوە لە بەرانبەرت ڕاوەستاوە.
شۆپداری حەقیقەتی، لە واقێعی تاڵی نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی، بێزاری و لە دەسپێکێک بۆ ڕێبواریەتی لە پێناو حەقیقەت وێڵی، وایە شوێنپێکانی "ئارمانج" هەڵگرە. بە دوای هەنگاوەکانی دا بڕۆ کە لە کەربۆرانەوە دەستپێدەکات و لە زانکۆی حقوقی ئیستانبووڵ تێدەپەڕێی بێ ئەوەی ئاوری لێبدەیتەوە، لە باڵکانەوە بە سەر یونان دا ئەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی یەکەمین پێهەڵگرتنەکانی مرۆڤایەتی و لەوێ "ئارمانج" لە جیلوەیی خوداوەند پرۆمتێوس دا لە بەرانبەر ڕاوەستاوە، بێ دوو دڵێ بێڵسەی ئاگرەکەی لێ وەرگر و سڵاوێک لە مەملەکەتی ئیلاهەکان و چیاکانی شوێنی باڵگرتنەوەی میتراییانەی مرۆڤ بکە و گوێی لە ئارمانج بگرە کە وەختێ باسی، ژیان، غەم، ئازار، حەسرەت، بیرەوەری، دایکی، ئازادی و عەشق و هەڵفرین دەکات.
ئارمانج، ئەی ڕۆڵە نەسرەوتووەکەی مەملەکەتی هەتاو و ئاگر، لە چاوی تۆدا، لە چاوی وەکوو دەریایی تۆدا، خواستی سەرجەم منداڵانی وڵاتەکەت بۆ ئازادی شەپۆلان ئەدات.
ئارمانج ئەی هەبوونی پیرۆزی هەموو سەردەمەکانی کوردستان، وایە جارێکی دیکە ساڵوەگەری باڵگرتنەوەت، هاتووەتەوە، بە غەمێکی قووڵ وشە بۆ ئەم دابڕانە بە ئازارە ئەهۆنمەوە. چەندە کڵۆڵم لە بەرانبەر هەبوونی بەرز و گەورەت دا. تۆ باسکردن و بە بیرهێنانەوەت ناوێ، هێندە گەورەیی کە وڵاتێک، جیهانێک و گەردوونێک یادەکانتی لە هەناوی خۆیدا هەلگرتووە، هاتووم خۆمت پێدا هەڵواسم. دەستەودامێنت ببم و بۆ تەسکینی ئازارەکانم و بۆ وەرگرتنی فەیز لە هەبوونی پڕبەرکەت، ڕەستە ڕێز بکەم و لەو وشە و ڕەستانەوەی بە دوای هارمۆنیککردنی ژیانی ستێرس ئاویی ئەم غوربەت دا بگەڕێم. ڕەستە و وشەکانم بکەم بەو پەنجەرەیەک کە لەوێوە لە ئارامی دەریایی هەبوونت بڕوانم و چاوەکانم پڕبکەم لە دڵنیایی، هێور ببمەوە و هەوڵدانەکان بۆ نەمری بە ئامانج بگات.
- ئارمانج کەربۆران (حوسێن ئاکدۆغان) لە ساڵی ٢٠١١ لە ٢٧ نوامبردا ئاسمانی بوو. ئارمانج کەربۆران و هەموو ئەوانەی پێشەنگایەتییان بۆ داهاتووی ئازادی گەل کردووە لەدڵدا دەژین.
م. س شوان ٢٨ی نوامبری ٢٠١٩

No comments:

Post a Comment

لە کۆتاییدا ئەم چەمە خرۆشانەی کە ناوی ژیانە لە دڵتایی "هیچ" دا ئارام ئەگرێ و لە دوای ئەوەی ئیدی نە دوێنێک، نە ئەمڕؤییەک و نە بەیان...