Monday, November 16, 2020

لە کۆتاییدا ئەم چەمە خرۆشانەی کە ناوی ژیانە لە دڵتایی "هیچ" دا ئارام ئەگرێ و لە دوای ئەوەی ئیدی نە دوێنێک، نە ئەمڕؤییەک و نە بەیانییەک هەیە گەلاوێژم.
ژیان لەگەڵ یەکەمین لێدانەکانی دڵا و لەوکاتەوەیی ڕیتمی لێدانەکانی هەڵکشان و داکشان بە خۆییەوە دەبینی، هەستکردن بە ژیان دەستپێدەکات.
- چەندە کامباخ بوو ئەو هەڵکشان و داکشانە لە ژیانی ئێمەدا!...
- لە ژیانی ئێمەدا؟ یان ژیانی تۆ دا؟ هەندێ جەسارەت و ئازایەتییت هەبێ و بڵێ لە ژیانی منا؟!..
- من ...
- گەلۆ منێک بوونی هەیە؟ ...
- "ئێوارانم پاییزێکی بێ ڕەشەبا و بێ جوولەیە، هەناسەشم درەختێکی بێ گەڵاییە و بێ نوزەیە"
ئێوارەییەکی پاییز بوو، هەواییەکی سارد خۆیی لە شار پێچا بوو. یەکەمین جار بوو لە ژیانما لەگەڵ کەسێک بەو نیوە شەوە دەردەکەوتم و پیاسەم دەکرد. ئەو سەردەم مرۆڤەکان بە تەنیایی یان لەگەڵ کەسێک دیکە پیاسەیان دەکرد. مەبەستم لە تەنیایی ئەوەیە وەکوو ئەم سەردەمە نەبوو کە هەموو کەسێک تەلەفۆن یان تابلێتێی زیرەکی لەگەڵە و ئیدی لە هەر چرکەیەک دا لەگەڵ هەر شوێنێکی جیهان دا بییەوێت، ئەوا پەیوەندی دەگرێت. ئەوسا وا نەبوو. مرۆڤەکان بە هەموو هەبوونی خۆیانەوە و تەنانەت ڕۆحی خۆیانی لەگەڵ خۆیان بۆ پیاسەکان دەهێنا. لە کۆتاییەکانی ئاوەها سەردەمێک دا بۆ دوایین جار لەگەڵی پیاسەییەکی شەوانەم کرد و گووتی: لە چ وەختێکێەوە هەست بە ژیان دەکەی؟
- وەڵا ماوەییەکی زۆر نییە. سەرجەم چەند مانگێکی هەست بە هەڵکشان و داکشانی دڵە خورپەکانم دەکەم.
- کە وایە هێچ ژیان تازە لای تۆ دەسپێدەکات ...
-نازانم!
دڵنیانەبووم، بۆیە وڵامی نازانم دایەوە. "ژیان چییە؟" یا ئیلاهی ...
لەو رۆژەوە هەتا ئێستایی خوا بە دوایی وڵامی "ژیان چییە؟"یەوە و هەر کەمێک نزیک دەبمەوە لێی ئەو هەست دەکەم بەو ڕادە دوورکەوتوومەوتەوە. سەرجەم دڵنیاییەکان لە خەستەیی منەوە خۆیان پێچاوە. هەڵهاتن لەم چەقبەستووییە و لەو بێ مەعناییە قەڵەمبازێکی شۆڕشگێرییە. قەڵمبازێک کە دەبێ لە هەموو چرکە ساتێکی ژیانیان دا پێکبێت. گەر لە شەو و ڕۆژێک دا چل جار شۆرش لە دژی ئەوەیی کە هەیی ئەنجام نەدەیت و لە جێگایی شتێكی نوێ بونیاد نەنێتەوە ئەوە لە زمانی ئەوانەی بازنەی "ژیان چییە؟"دا دەخولێنەوە تێناگەیی.
دڵ لەم سەری ئەم گۆیی زەوییەوە بۆ ئەو سەری ئەم گۆی زەوییە یەک زمانی هەیە و ئەویش زمانی "ڕیتم"ە. گەر لە زمانی ڕیتم و بە تایبەتی لە هەڵشان و داکشانی نازانی، نەخوێندەوارترین هەبوونی جیهانی. زمانی نوێی جیهان ناوی "زمانی دڵە"! ئەوەی نەتوانی بە زمانی دڵ قسە بکات و لە زمانی دڵ تێنەگات، کۆڵەوارترین گەردوونە.

-تۆ ئەی مرۆڤی چەنەنگ، گوزارەیی هەرە بەرجەستەیی گەردوونی زمانی دڵ بووی. ئەوا چەن دڕۆژە لە دوای کۆچی سوورت، ئەم ڤێنزەیی باکوورە ڕەشی پۆشییەوە و سەرجەم وەرزەکان لەم مەملەکەتەدا، وەرزی ساردی پاییزییانەی بێ تۆییە!

لە کۆتاییدا ئەم چەمە خرۆشانەی کە ناوی ژیانە لە دڵتایی "هیچ" دا ئارام ئەگرێ و لە دوای ئەوەی ئیدی نە دوێنێک، نە ئەمڕؤییەک و نە بەیان...