خۆشەویستم
بیرتم کردووە، تاسەی لەباوشگرتنتم
کردووە. بیری بۆنتم کردووە، بیری جگەرەکێشانت، گۆڕانی گوتنت، ڕواڵەتی بەفراوی و
نوورانیتم کردووە. هەتا ئەو پەڕی بیرکردن بیری خەوێکم سەر ڕانتم کردووە. ئەمڕۆ ٢٢ی
نوامبر یەکەمین ساڵوەگەری کۆچی دواییتە و بەم بۆنەیەوە ئەم نامەیەمەت بۆ دەنووسم.
باوکە گیان، جارانیش پێمگووتبووی؛ کەچی
ئێستا لە هەموو وەختێک زیاتر بیری گووتنی خۆشتم گەرەکە، بە دەنگێکی بەرز کردووە. هیچ
کاتێک نێوانمان دابڕانی تێدا نەبووە، بیرلەوە دەکەمەوە کە بزانم چەندە لە یەکدی تۆراوین،
بەڵام هێندەی کە شایانی باسکردن بێت نابینمەوە، کەچی هەتا دڵ بخوازی کۆک بوون و، پێکەوە
بوون و، خۆشگەرەکبوون لە نێوانما بوو.
ژیان، هەمان ئەو چرکەساتانەیە کە لە بیرناچنەوە.
لە دوێنێی ڕۆیشتوودا، بەقەد بێنەهایەت چرکەی تێدایە، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەمیان
لە لاپەڕەی دڵا تۆمار دەبن و لە بیرناچنەوە و ئەوانەش ئەو ساتانەیە کە خۆشەویستی لە
لوتکەدا بووە، عەشق هەبووە و ڕەنجی تێدا بووە. ئەمە بۆ پێچەوانەکەشی وایە. دابڕانەکان،
تۆرانەکان و ئەو ساتانەی کە ژیان هەوری غەم سێبەری لە سەر درووست دەکات لە بەرناچنەوە،
بەڵام مرۆڤ هەموو کاتێک هەوڵدەدات ئەو چرکەساتانە لە هەماری پشتەوەی خەزانەی مێشیکدا
کەڵەکە بکات و بە بیری خۆی نەهێنێتەوە بەو شێوەیە ناوی ژیانیان لە سەرلاببات. کەچی هەموو کاتێک چرکە خۆشەکان بە بیر خۆی دێنێتەوە و دووبارە و
دووبارە زیندوویان دەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم تۆ ئەو کەسەی کە زۆرترین
بیرەوەییە خۆشەکانی سەردەمی منداڵی منی لەگەڵ تۆمار بووە. سەروبەر هەژدە ساڵ پێکەوە
بووین. لەو ڕۆژەوەی لە دایکبووم هەتا سەرەتای هەژدە ساڵیم کە لە یەکدی دابڕانین.
لەو ساڵانەدا پێکەوە ڕەنجمان کێشا، لە دەرەوە و لە ماڵ کارمان کرد، پێکەوە گەرمامان بوو، سەرمامان بوو، پێکەنین
و جاروباریش غەمگین بووین. نێوانمان هەتا بڵێی خۆشەویستی تێدابوو، جاروباریش ناکۆکی و زیزبوون هەبوو.
باوەکەگیان، من لە هەموو کەسێک زیاتر،
لە تۆ ئەچم. کە چاوم کردووەتەوە هەتا ئێستاش هەوڵ ئەدەم وەکوو تۆ بم. کاتێک تەمەنم
ژێر ١٢ ساڵ و دەورووبەری ئەو ساڵانەم بوو، ئێواران کە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵ، لەگەڵ ئەوەی
زەحمەت بوو، هەوڵم ئەدا هەنگاوەکانم بە پێی شوێنپێکانی تۆ کۆک بکەم. وەکوو دیمەنێکی ویدئۆی تۆمارکراو
ئێستاش لە پێش چاومە کە لە ناو بەفر، لە ناو قوڕوچڵپاو یان لەناو تەپۆتۆزی هاویندا، دەستت دەخستە
پشتەوە و منیش لە دواوە بێ ئەوەی ئاگات لێم بێ، هەوڵم ئەدا هەنگاوەکانم بە پێی هەنگاوەکانت
ڕێکبخەم.
باوەکەگیان من، شوانی لە تۆوە فێر
بووم. جووتکردن، کەرەنتووکێشان، دروێنەکردن و سواڵەگرتن لە تۆوە فیرم بووم. تۆ بووی
کە ترسی منت لە تاریکی شکاند. لە بیرتە کاتێ زانیت لە تاریکی ئەترسم، بێ ئەوەی بهێڵی بە خۆم بزانم، شەوان لەگەڵ خۆت، منت بۆ ئاودێران دەبردە سەر مەزرا. یەکەم شەو تەنیا چاییم بۆ
ساز کردی و ئاگرێکم کردبووە و هەر لە ترسی تاریکی دارم دەخستە سەر ئاگرەکە و تۆش لەو پەڕی
مەزراکەوە جاروبار بانگت دەکرد؛ باوکەگیان! دووهەم جار،کاتێ هاتی بۆ چایی خواردنەوەی
منت ناردە سەر بنەوانەکەی سەر مەزرا و شەوەکانی دیکە دوورتر و دوورترت ناردم و بەو
شێوەی ترس لە تاریکی لە وجودم دا نەما. لە وەزری دروێنەدا، هەموو کاتێک دەتگووت با
دەستت پوخت و خاوێن بێت. دروێنەکەر دەبێت گوڵێک گەنم لە داوەی خۆی بەجێنەهێڵێ. چۆنیەتی
داس گرتن و سوواڵەگرتنت فێرکردم. لە کارکردنت دا قەد وا ماندوومانت نەدەکردین کە هەست
بە هیلاکی بکەین. هەمیشە بەر لەوی گەرما دابدات بڕێک کارمان دەکرد و کە گەرمای نیوەڕۆ دایدەدا، لە سێبەری داری مەنزڵی سەر زەوییەکان دەحەواینەوە و دواتر لە فێنکایی بەر لە ئێوارە دیسان دەستمان پێدەکردەوە. یەکێک لە جوانترین
دیمەنەکان کە قەد لە بیرم ناچێتەوە ئەو ئێوارانە بوو کە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ ڕوویدەدا.
پێکەوە سواری کەرەکەمان دەبووین، تۆ لە پێشەوە و من لە داوە باوەشم پێدا دەکردی و
تۆ بە دەنێکی هێمن و نزم دەست بە سیاچەمان و هۆرەگووتن دەکرد. لە بەر ئەوەی پێشەوەم خۆمم نەدەبینی، بە لای چەپ یان ڕاستا ملم بائەدا و، تەنیا دیمەنی دار و دۆڵ و یاڵی دەورووبەری
ڕێگای گەڕانەوە بۆ ماڵم دەبینی. تۆ گۆڕانیت دەگووت؛ منیش بێدەنگ تماشای دیمەنی جوانی (هەردی گوندی
چۆڕ-ی مەریوان)م دەکرد. من لە بەر گۆرانییەکانت، هۆرە و سیاچەمانەکات چاوم کردەوە
و پێم هەڵگرت. بۆیە ئەو دوو سێ جارەی کە لە قوتابخانە درکرام، تەنیا لە سەر گۆرانی
گوتن و هەڵپەرکێ بوو. لاساییکردنەوەت بوو بە عادەتم. لە بەر ئەوە ئێستاش هەر وەختێ
گۆرانی ناڵێم، ئەو وەختانەیە کە یان نەخۆشم یان زۆر هەست بە ئازار دەکەم. ئەگینا،
لە ماڵ، لە دەرەوە، لە سەر کار و تەنانەت بە ڕێگادا، جاروبار بە دەنگێکی نزمیش بێت،
لە بەر خۆمەوە هەر گۆرانی دەڵێم.
باوکە گیان، من هەتا ئێستاش نازانم بۆچی
هەتا لە ماڵەوە بووم نەمدەتوانێ لە پیش تۆ گۆرانی بێژم، یان جگەرە بکێشم. لەو باوەڕەدام
ئاگات لێبوو کە هەم گۆرانیم دەگووت و هەم جگەرەم دەکێشا. لەم ساڵانەی دوایی یەکێک
لە ئاواتەکانم ئەوە بوو، لات دانیشم و جگەرەیەکت لەگەڵ بکیشم. دووکەڵەکەی وەکوو ئەو
بەیانییانەی لە بەر سۆبەی ماڵەوە جگەرەت دەکێشا و دەبوو بە هەور بە سەر سەرمانەوە.
ئێستا ئاواتەخوازم ئەو دووکەڵانە ببێت بە
هەورێک بۆ ئاسمانی ئەم چاوە کزرانەم و دابکات. بارانێک ببارێنێ، با لە دوای ساڵێک
لە کۆچی دواییت دڵێک پڕ بۆت بگریم. ئەو بوغزەی وەکوو گرێیەک لە سەر دڵمی گرتووە، بەر
ببێت و تاوێک بە پڕ بە دڵم بتلاوێنمەوە و گۆرانی گیراناویت بۆ بڵێم.
باوەکە گیان، لە دوای ئەوەی لە ماڵ دەرکەوتم لە شەش مانگی سەرەتایی برینداریم دا لە بەر ئێش
دەگریام. لە بیرمە دوایین جار کە هاتی بۆ لام بۆ سلێمانی، بەر لەوەی بکەویتە ناو
ماڵەکەمان، من دەگریام. کە هەڤاڵان گوتیان باوکت هات، ئیدی گریانەکەم تەواو بوو و
دەموچاوم خاوێن کردەوە بۆ ئەوەی تۆ نەزانی من چەندە ئازارم هەبوو و گریابووم. هەڤاڵان
عەجایەبیان لێدەهات، بەڵام ئەوان ئاگایان لە پەیوەندی نێوانمان نەبوو. من منداڵە
بچووکەکەی باوکی خۆم بووم. ئەو منداڵەی کە بە نازی ئەوە سەرجەم منداڵی تێپەری.
باوەکە گیان، هەموو عومرم بۆت بنووسم،
بە بیرت بێنمەوە، گۆرانیت بۆ بڵێم هەر قەربووی هەموو ئەو ماچانە، سەرجەم ئەو خۆشگەرەکبوونانە،
گشت ئەو لە ئامێزگرتنانە و گەورەیی ئێوە ناکاتەوە. ئێوە چەتری سەر سەرم بوون. لە
سایەی ئێوەدا هەستم بە حەسانەوە و ئاسایش دەکرد. هەموو جارێک کە لە خوارەوە لە ئێوەم
تماشا دەکرد، لە دڵی خۆما دەمگووت، ئاخری منیش دەبم بە پیاوێک وەکوو ئەو پیاوەی سێبەری
لە سەر سەرمە. بەلام باوکە گیان، من گەورە نەبووم. هەتا ئێستاش هەر گەورە نەبووم.
هەر لە خوارەوە لە ئێوە تماشا دەکەم. ڕیشم
دەرهات، سمێلیش هاتووە، بەڵام هەر نەبووم بە پیاو. لە سەردەم نامۆبوونی هەر گەورەیی
مرۆڤ لە خۆی، بەختەوەرم کە گەورەنەبووم و هێشتا هەر لە خوارەوە لە ئێوە تماشا دەکەم.
ئێوە مونومێنتی جوانی، بەختەوەری، دڵپاکی، دەستپاکی و سەخاوەتمەندین بۆ من. لە هەموو
تەمەنم دا نەمبینی و نەمدیت یەکجار حەسوودی بەکەس بکەن. کە ئێستا بیری لێدەکەمەوە،
ئەوەی کە وەکوو ئێوە حەسوود نیم، لە گەورەیی ئەو بەختەوەرییە کە بۆ منتان بەجێهێشت.
باوەکە گیان؛ گەرچی کورێکی باش نەبووم
بۆ ئێوە، بەڵام نەبووم بە هۆی سەرکزی ئێوە. سەرجەم ئێش و ئازارەکانم لە ئێوە شاردەوە
بۆئەوەی کە ڕۆیشتنە ناو خەڵکی سەرتان بەرز بگرن و بڵێن؛ یارۆ کوری منە. بەڵام لە بەر
هەموو ئەو بانگهێشتکردنانەت بۆ ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران، شەرمەزارم. هەموو جارێک کە
بانگیان دەکردی و ئازارییان دەدایت، دوایی نەدەتوانی لە تەلەفۆنا لەگەڵم قسە بکەی،
بوون بە گرێ بۆ من و ئازارم دەدەن. لە سەر هەر وشەیەک کە قسەم کردووە لەگەڵت و هەموویان
تەنیا ئەحواڵپرسی بوون، لێپرسینەوەیان لێدەکردی، بۆیە ئیدی لە جێگای قسە کردن تەنیا
گۆرانیت بۆ دەگووتم. هەر کە دەمگووت ئەلۆ، هۆرە و سیاچەمانەکانی تۆ دەستی پێدەکرد.
من چۆن باسی هەموو ئەو ساتانە بکەم. کامە وشە بدۆزمەوە کە دەربڕی سەرجەم ئەو هەست
و بەختەوەریانەم بێت. لە دوای ١٠ ساڵ دووری کاتێک کە نەخۆش بوویت و نەدەتوانی قسە
بکەی، ئاخری پێم بە سەر دڵی خۆما نا و گۆرانیم بۆ گووتی. ئێستا لە بەر ئەوە زۆر دڵخۆشم
و، بەختەوەرم بەو چرکە ساتە. وەکوو پرشنێگێک لە سەرانسەری مێژووما تۆمار و کە دێتەوە
بیرتم هەستێکی خۆش سەرجەم جەستەم دادەگرێ.
باوەکە گیان، لە بەر هەموو ئەو وشە
جوانانەی ڕێزت کرد و لە بەر سەرجەم ساتەکانی ژیانت، لە بەر هەبوونی پڕبەرەکەت و
جوانت هەزاران جار سپاس. سپاس بۆ ئەوەی هەیی، سپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمای، سپاس بۆ ئەوەی
تایبەتمەندییەکانت دڵگەرمی ژیانمە.
باوکە گیان، دیمەنی جوانی کۆساڵان لە
تۆ دەچێ. دیمەنی هەورامانی تەخت وەکوو باڵای بەرزی تۆیە. تۆ ئاوێتەی دیمەنی جوانی
قەلەبەرد و مەریوان و داروبەردەکانی هەورامانی. لە ناو ئاوازی سیاچەمانەدا جلوەت دەبینم.
هۆرەییەکی ئاهووراییت. لە هەر لایەوەکەوە تماشات دەکەم، وەکوو شاهۆ بەرزی، وەکوو
زرێبار ڕازاوەیی. وەکوو داڵانی جوانی، لە بەرزی قەلەبەرد دەچی. لەناو پێچاوپێچی سیروانایی.
لەگەڵ بارانی بەهاران دەباریتە سەر دیمەنی جوانی قەڵاشەیان. شەماڵی لە دوانیوەڕی خەرمانهەڵگرتنا.
بەرەکەتی زەویی گەنمی. ئەمشانەوشانی چنارەکانی لای جۆگەکەی هەڕگەڕەشە لە تۆ ئەچی کە
ئێوارە باتدەدایەوە بۆ ماڵ.
باوکە گیان، لە دوێنێم دای، لە ئێستام
دای و لە بەیانیم دای. هەتا ئەو کاتەی دڵم لێبدات، ڕیتمی دڵەخورپەکانم بە پێی بەزمێکی
چەپڵەی گۆرانییەکانی تۆ ڕێکدەخەم. ئەی سیاچەمانەکەم. ئەی باڵگرتنەوە میتراییانەکەم.
ئەی هۆری ڕووناکی ژیانم. ئەی هومی هەموو ساتەکانی ستایشکردنم. کۆچی دواییت لە بەرەبەری
زستانێکی سپی وەکوو سەروپڕچی خۆتت، نیشانەی ژیانی سرووشتیانەت بوو. گەرچی لە دوایین
ساتەکانی هاوینی ژیانت دەستی منت گرت، بەڵام سێبەری پاییزانەی تەمەنی پڕبەرەکەت،
ساباتێکی بەهارانی ژیانی منە. خۆشتم گەرەکە ئەی بەرجەستەبوویی سیاچەمانەی ژیانم.
م . س شوان ٢٢ی نوامبری ٢٠١٩

youtube2d : youtube2d: youtube2d : youtube2d : youtube2d: youtube2d
ReplyDeleteyoutube2d is youtube to mp3 conconventer the most popular videos in the world. It has a history of providing the best content for millions of people. The channel has 2 million views.