بێگومان مردن، ماڵئاوایی و کۆچ کردن، بە ئێش و ئازارە، لەمەدا هیچ شک و گومانێک نییە. هەموو مردنێکیش وەکوو یەک نییە. مردنی کەسێکی بە تەمەن لەگەڵ کەسێکی جەوان جیاوازی هەیە. مردنی کەسێک کە رۆڵێکی بەرجەستە و بەرچاوی لە پێشخستنی کۆمەڵگا هەیە، جیاوازتر لەگەڵ کەسێکی ئاسایی. مردنی ئەوانەی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن بە گشتی جیاوازە و بە تایبەتی مردن لە پێناو ژیان واتادارترین مردنە کە زۆربەی کات بە نەسینی جەوانان دەبێت.
ئەوەی دەمەوێ باسی بکەم، باسکردن لە خودی مردن-ە. چەند چرکەیەک بیری لێبکەوە، گەر مردن نەبێت، ژیان چی بەر سەر دێت. یووال نوح هەراری لە کتێبەکەی بە ناوی مرۆڤی ژیر لە بەشە کۆتاییەکانی دا باسی ئەوە دەکات کە لە داهاتوودا لە سایەی پێشکەوتنی زانستی پزیشکی ڕێگا لە پیربوون دەگیرێت و مردن بۆ زەمانێکی نادیار دوادەخرێت. بەڵام ئەو مرۆڤەی کە ئیدی ترسی لە مردن لە تەمەنی ٧٠ یان ٨٠ ساڵی نییە، هەموو کاتێک لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەدا دەژی کە نەهێڵی بە ڕووداوێک بمرێ. بۆ چەند چرکە خۆتان بخەنە شوێنی ئەو مرۆڤە بزانن؛ دەتوانن ئەو ژیانە تەحەموول بکەن. من بۆ خۆم ناتوانم و نامەوێ ئەو کەسە بم.
گەر مردن نەبێ، ژیان واتاییەکی دیکە دەگرێ. لە تەحەموولکردن نایە. ئەم دایکی گەردوونە بە هەڵبژاردنی سرووشتی خۆی (Natural Selection) بێهوودە خاڵی کۆتایی بۆ دانانەوە. گەر وا نەبێ، ژیانەکان لە کوێیوە دەست پێبکەنەوە.
ئەوەی مردنی زۆر نامۆ و ترسناک کردووە، داستانە میتولۆژیکەکانی ڕاهیبەکانە سومەرە. ئەو ڕاهیبانەی کە پێگە کۆمەڵایەتییەکەی خوداوەنەکانیان تێکدا و کۆشکی خوداکانیان پێ بەرز کردەوە. لەگەڵ ئەوەدا پاشا داپۆشراوە خوداکانیان کرد بە حاکمی موتلەقی دونیا و لە سایەی زەبری و زۆری ئەو پاشا داپۆشراوانەو هۆنیەنەوە ئەفسانەییەکانی ڕاهیبەکان، مردن بوو بەو دێوە نەخوازراوەی کە مرۆڤایەتی پێ دەستەمۆ کرا. مردن بوو بە کۆتایی داستانی خەونەکان و گۆڕەوشاری هەتاهەتایی. ڕاهیبەکان بە ڕێگای شۆشتنەوە مێشکی کۆیلەکان بەو داستانانەی دەیانهۆنییەوە و ئەو ترسەی لە مردن درووستیان دەکرد وایان کرد کە مرۆڤایەتی هەموو کاتێک بە حەسرەتی بەهەشتی ون بوو بێ. بەهەشتی ونبووش هەمان ئەو سیستەم کۆمەڵایەتیە بوو کە لە سایەی حوکمی خوداوەندانەی ژن- دایک دا بەڕێوە دەچوو. لەوێدا شتێک بە ناوی مردن نەبوو. چوونکە سرووشت و هەموو پێکهاتەکانی زیندوو بوون و گەر ڕۆح لە جەستەیەک دەردەچوو ئەوا لە جەستەیەکی دیکەدا و بە شێوەیەکی دیکە درێژەی بە ژیانی دەدا. بۆیە لە ڕاستیدا مردنی حەقیقی دابڕانی مرۆڤ لە سروشتی یەکەم (دایکی سروشت) و سروشتی دووهەم (کۆمەڵگا)یە. کە ماوەیەک بە سەر ئەم دابڕانەدا تێپەڕی هێدی هێدی نامۆبوون لەو ژیانە بە سەر ئاشنابوونەکەی دا زاڵ بوو و یادگاکانی لە بیرەوەری مرۆڤایەتیدا بوو بە حەسرەت.
ئێستا لە سەردەمێک دا دەژین کە مرۆڤایەتی بە گشتی زۆر بە دەگمەن بیرەوەی ژیان لە باوشی سروشتی لە بیر ماوە و لەوەش خراپتر لە سایەی ئێگۆیسمی لیبرالیسم دا مرۆڤ لە ژینگەی دووهەمی کە هەمان کۆمەڵگایە دابڕێندراوە و تاک و تەریک کەوتووتەوە. ئەم دۆخە زۆر نامۆی سرووشتی ئەو مرۆڤەیە کە زۆربەی هەر زۆری تەمەنی دوای شۆرشی ناسین لە ٧٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستاوە تا ئێستای تێدا بەسەر بردووە. ترس لە بێهێزی دا بە سەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت و ئاساییە کە لە لاوازترین سەردەمی مرۆڤایەتیدا کە هەم لە سروشتی یەکەم کە دایکی سروشتە و هەم سروشتی دووهەم کە کۆمەڵگایە دابڕێندراوە، ئیدی لە مردن بترسێ. چوونکە ئەو ئیدی هیچ داهاتووییەکی نییە. مردن کۆتایی (من)ەکەی ئەوە و ئەم ترسە وادەکات کە مرۆڤ زۆر جار ئەوەی کە لایەقی نییە ئەنجام بدات.
لە کۆتایی، مردن بەشێکی گرینگی ژیانە کە واتا بە ژیان دەدات، مرۆڤێک کە مردنی لە بیرچووبێتەوە ناتوانێ چێژ لە خۆشگەربوون و خۆشویستن، چێژ لە سەما، گۆرانی، شێعر، هۆنراوە، تابلۆی هونەری و ڕۆمان و فیلمەکان ببینێ. ناتوانێ چێژ لە چرکەساتەکانی ژیان ببینی، ناتوانی چیژ لە بینینی گوڵی سوور وەرگرێ. لە ناو دڵەڕاوکێی فرکان فرکانی هەوڵدان بۆ قازانجە. ئەم ئەو بەڵایەیە کە ڕاهییەکانی سومەر بە سەر مرۆڤایەتییاندا هێناوە و ئێستا لە لایەن خاوەنەکانی شارستانی سومەری هاوچەرخ کە نوێنەرایەتییەکەی نیویورک دەیکات وەکوو کەرەستەیەک بە کاریگەری لە دژی مرۆڤایەت بەکار دەگیرێ. ئەگینا وەکوو پێشنیان گووتوویانە؛"مردن حەقە".
م. س شوان ٢٠٢٠-٠٣-٢٣