Monday, January 7, 2019

نامەی لەیلا گوڤەن بۆ دایکی


لە دوای کۆچی دوایی دایکی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئەمڕۆ لە زیندانی ئامەد و لە ٦١. رۆژی چالاکی مانگرتن لە خواردن لە پێناو شکاندنی گۆشەگیری لە سەر ڕێبەر ئۆجالان نامەیەکی بۆ دایکی نووسی.
وەرگیری دەقی نامەکەی بەم شێوەیە:


" لە کاتی زۆر و زەحمەتدا، وەختێ ئازارەکان خۆیان پێچابوو لێت، لە لات نەبووم. نەمتوانی دەستت بگرم و بۆ دوایین جاردەنگتم ببیستم. بەو شیوەیە لێکدابڕان، زۆر بە ژانە. ئیمکانی هەیە ئەوە دوایین ئەرکەکانی منداڵێک بێت بۆ دایک و باوکی، بەڵام پێکهێنانی ئەوە نەبوو بە نەسیبی من. چەندە بە ئێش و ئازارە، بە هەمان شێوە هەواڵی کۆچی دوایی باوکم لە زیندانی ئامەد دا بیست. بۆ ئەویش بە هەمان شێوە، دوایین چرکەساتەکانی لە لای نەبووم. ئەو کاتانەم دێتەوە یاد، چەندە بە ئێش و ئازار بوو.
 دایە، هەموو جارێک منت لە منداڵەکانی دیکەت جیاواز بینی و زیاتر خۆشتویست. ئیمکانی هەیە لە بەر ئەوە بێت کە دوایین منداڵ بووم، یان لە بەر ئەوە بێ کە زۆر لە تۆ دەچووم. قەد لە بەرانبەر ناحەقی سەرم دانەنەواند، سەرهەڵدێر بووی. قەد سڵت لە گووتنی ئەوەی بە لاتەوە ڕاست بوو نەدەکردەوە، لە دژی چەندین تابۆ کە لەو کاتانەدا بە سەر ژنان دا دادەسەپێندران، سەرکەوتبووی. لە دوای دەرکەوتنم لە گووند، ژمارەیەکی زۆر کەس باسی تۆیان بۆ کردم. رۆژێک، مامۆیەکی بەتەمەن گووتی:" کچەکەم، من چەند ساڵ بەر لە ئێستا شوانیم بۆ ئێوە کردووە. مرۆڤێکی دیکەی وەکوو دایکتم نەبینیوە." هەموو کەسێک تایبەتمەندییە مرۆڤایەتییەکانی تۆی باس دەکرد. هەموو کاتێک هەستێکی وەهات لا درووست دەکرێن کە کەسانی دیکە وەکوو خۆمان بینین و وەکوو مرۆڤ ڕێزیان لێبگرین.
بەڵێ، هەڵوێستی تۆ ڕەسەنایەتی و زانیاریی پێوە دیاربوو. گەر پرسیاریم لێبکەن هیوا، ئیرادە، ڕەنج، فیداکاری، ڕووخۆشی و زانابوون چییە؟ دەڵێم "دایکم". لە بیرمە کاتێ باوکم لە بەر مەیل و بۆچوونی سیاسیمان تووڕە دەبوو دەیگووت:" منداڵەکانت بوون بە کۆمۆنیست". تۆش دەگووت " حاجی گەلۆ دەزانی کۆمۆنیست چییە؟" باوکم ئەتۆرا و دەچوو. بە سەعاتان، باسی مافداربوونی ئێمەت بۆ باوکم دەکرد. تۆ دەتگووت " منداڵەکانی من هەرچی دەکەن، ڕاستە". ئێمەت فێری مرۆڤبوون کرد. ئەمڕۆ لەپێناو ئەو نرخانە تێکۆشان دەکەین، کە نرخ و پیرۆزییەکانی تۆیە.
دایکە؛ گەلێک وەکوو نەبوو حەسابی بۆ دەکرێت. بە تاکەکانی دەگووترێت " یان ئەو جلەی ئێمە بۆمان دووریوون لە بەر دەکەن، یان ڕووت دەمێنەوە". ئەدی، گەلی کورد لە دژی ئەو نزیکایەتییە بە ساڵانە تێکۆشان دەکات. من خۆ دەزانم دایە گیان. هەر کاتێک لای یەک کۆدەبووینەوە بە درێژیی قسەمان دەکرد. دیسان دڵی دایک دڵەڕاوکێی دەگرت. تۆ مافدار بوو لە دڵەڕاوکێکانت، چوونکە ئێمە قسەمان کرد و، بە جەسارەتەوە تێکۆشانمان هەڵبژارد. لە بەر هەموو ئەوانە بووین بە ئامانج و هەزاران کەس زیندانی کران.  بەڵێ، زیندانی کراین بەڵام مردنمان بێواتا کرد. هێرشمان کرایە سەر، لە دوای زرێپۆشەکانەوە راکێشراین، ئەو منداڵە مەعسوومانەش هەبوون کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵان دا گیانیان لە دەستدا. ئەوەی بەر کورد کەوت تەنیا مردنە. ژیان نییە. قەدری ئەم جوغرافیایەی شتێکی وایە، دایە...
لە سەردەمی ئەوانەداین، کە هەموو رۆژێک بە خۆشحاڵییەوە جەستەیان لە پێناو ئازادی ئەو مرۆڤەی کە ملیۆنان کەس وەکوو "ئیرادەی" خۆیان دەبینینن، پێشکەش دەکەن. لە پێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان و هاتنی ئاشتی و ئازادییەکی هەمیشەیی بۆ ئەم خاکە دەستم بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە. وای بۆ دەچم کە بە تۆیان نەگووتووە، بەڵام بە باشی دەزانم کە هەستت بە من دەکرد. ئەگەر کات و دەرفەتی ئەوە هەبووایە کە ڕوونی بکەمەوە بۆت، هیچ گومانێکم نییە کە مافت بە من دەدا. دایە، گۆشەگیری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی. شەڕ، تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی. لە پێناو نەبوونی ئەوانە بەرخۆدان دەکەین. تۆ منت فێری بەرەنگاربوونەوە لە دژی ناحەقی، سەردانەنەواند و جەسوور بوون کرد. قسەکردنی ڕاست و کردەوەیی ڕاست لە تۆوە فێربووم. ئەوە بزانە دایە، هەموو ئەوانەی فیرت کردووین زۆر بە نرخن. تۆش وەکوو سەرجەم دایکانی کوردستان ئازاری زۆرت کێشا، بەڵام یەک ڕۆژیش نەتگووت "ئۆف". لە سایەی ئێوەدا فێری پیرۆزی دایکایەتی بووین.
دایە گیان، لە پێناو لایەق بوون بە تۆ و سەرجەم دایکان، بەرخۆدان دەکەم و درێژە بە تێکۆشان دەدەم. جێگات بەهەشت بێت، لە ناو ڕووناکیدا ئارام بگرێت، دایکە جوانەکەم."

لە تورکییەوە:
م . س شوان مەریوان

No comments:

Post a Comment

لە کۆتاییدا ئەم چەمە خرۆشانەی کە ناوی ژیانە لە دڵتایی "هیچ" دا ئارام ئەگرێ و لە دوای ئەوەی ئیدی نە دوێنێک، نە ئەمڕؤییەک و نە بەیان...