Monday, March 11, 2019


نەورۆز جەژنی بەرخۆدانی کوردان
نووسین: م. س شوان مەریوان

نەورۆز، ناوی ئەو داستانەیە کە جارێک قارەمانەکەی کاوەی ئاسنکارە و، گەلێک جاران قارەمانەکانی کاوەی هەمدەم مەزڵووم دۆغان و زەکییە ئاڵکانەکانە. 
نەورۆز، ناوی ئەو سەمایەیە کە کوردان بەر لە دەسپێکردنی ورزێکی نوێی ژیانی ئاوێتەبوویان لەگەڵ سرووشت، بۆ پیرۆزکردنی مەمڵەکەتی رۆژ و ئاگر و شکوکرانەی هەبوونی پڕبەرکەتی ئەو دەیگێرین.
نەورۆز، ناوی ئەو گۆرانییەیە کە کوردان ئاوازەکەیان لە ئاگرەوە، بەستەکەیان لە ئاخەوە، موسیقاکەیان لە ئاوەوە و ڕیتمەکەیان لە باوە وەرگرتووە. 
نەورۆز ناوی ئەو تابلۆیەیە کە هەموو ساڵێک کوردان بە ڕەنگی ئاگر و بە زمانی بەرخۆدان، مێژووی شکۆمەندی خۆیان لە سەر لاپەڕەی مێژوو تۆمار دەکەن. 
ناوێكی دیکەی ئەم وڵاتە، وڵاتی ڕۆژ و ئاگرە. هەر چوار تەخمە سەرکییەکەی پێویست ژیان واتە "ئاو، هەوا، ئاگر و خاک" و لاپاڵە بە پیت و بەرەکەتەکانی لاپاڵی ئەم ڕیزە چیایانە، دەستیان دایە دەستی یەک بۆ ئەوە ئەم وڵاتە ببێ بەو بێشکەیەی کە کۆرپەی مرۆڤایەتی تێدا گەورە ببێ. لەم وڵاتەدا مرۆڤایەتی بۆ یەکەمین جار دەستەی بە ڕەڕەویی دەزگای کۆمەڵایەتیبونەوە گرت، کە بەرهەمی ڕەنجی "ژن - دایک"ی پیرۆزە و بە لای لایەکانی ئەو لە نێو بێشکەی لاپاڵ و دۆڵەکانی ئەم وڵاتەدا سەردەمی زارۆکی خۆی تێپەراند و پێگەیی. ئەم قەڵەمبازە هێندە مەزن و شکۆمەند بوو کە، بوو بە سەرچاوەی ئیلهامی گەلێک لە جەژن و شاییەکانی مرۆڤایەتی. ئەو بۆنانەی کە هەوێنی زۆربەی جەژنەکانی مرۆڤایەتی لە سەرجەم جێهان دا، هەموویان لە کانییەکەوە ئاو ئەخۆنەوە کە سەرچاوەکەی لاپاڵی چیاکانی زاگرۆس - تۆرۆس ە. لەباربوونی کەشوهەوا، زەوییە بە پیتەکان و چەم و ڕووبارەکانی ئەم وڵاتە، وای کردووە کە لە پەرتووکە پیرۆزەکان دا وەکوو بەهەشت ناوی بێنن و مرۆڤایەتی ناوی "کەوانەی زێرین"ی لە سەر داناوە. 
بێگومان سەرجەم ئەو بەرهەمە مادی و مەعنەوییانەی سەرچاوەیەکی ئەم وڵاتەتە، بە ڕەنجێکی مەزن ئافرێندراون. کێ دەزانێ لە پێناو خۆماڵیکردنی یەکەمین سەواڵەکان دا چ ڕەنجێک کێشراوە؟ کێ دەزانێ لە پێناو بەرهەم هێنانی ئەکەمین زەوییەکانی گەنم، جۆ، نۆک، نیسک و دانەوێڵەی دیکە چ ڕەنجێکی کێشراوە؟  و کێ دەزانێ کاتی ئەو ژنە یەکەمین سواڵەکانی دروێنەکردووە و یەکەمین سەواڵەکانی خۆماڵی کردووە چەندە بەختەوەر بووە؟ کەس ناتوانێ ناهەقی بگرێ، کاتێ لە شوکرانەی هەڵگرتینی ئەکەمین خەرمانی گەنم دا، بە جەژن گێران وڵامەی چاکەی خاک و لە باری سرووشتی ئەم وڵاتەی دابێتەوە. هەروەها لەگەڵ یەکەمی زاوزێ سەواڵەکانی دا پیرۆزباییەی بۆ رێکبخات. 
بەو شێوەیە لە دوای یەکەمین شۆرشی مەزنی مرۆڤایەتی، واتا شۆرشی کشتوکاڵ، لەم وڵاتەدا ئیلاهەکان شکۆمەندییان وەرگرت و لە پێناو مێهری "ژن - دایک" جەژنەکان پیرۆز کران. 
ئاستەنگییەکان سرووشت و سەرماوسۆڵەی زستانە درێژەکان، ساڵ لە دوای ساڵ حەسرەتی هاتنی وەرزی بەهار و ئەودووبوون لە کەلی زستانی کردووە بە حەسرەت و بەو شێوەیە هێدی هێدی لێگەرینەکان لە دوای ڕۆژی نوێش پەرەیان سەندووە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە و بە تایبەتی لە دوای پێشکەوتنی چین مشەخۆر و ئەوانەی زێدەبەرهەمەکانیان لە پێناو قازانجی خۆیان قورخ کردبوو، وای کرد کە، هیوای ئاودیوبوون لە کەلی زستان و تێکۆشان لە بەرانبەر زێهنیەتی پاوانخوازی ئاوێتەی یەکدی بن. سەرکەوتن لەم تێکۆشانەدا و ئاودیبوون لە کەلی زستانیش بوو بە ڕۆژی نوێ واتا  نەورۆز ...
گەچی لە دوای دامەزراندنی مڵۆزمی دەوڵەت و دەستێوەردانی لەم وڵاتە، ئیدی خوانی پڕ بەرەکەتی دایک، ڕووبەڕووی هێرش بوویەوە و بوو بەو بەهەشتە ون بووەی کە هەتا ئێستا مرۆڤایەتی بە دوای دا ئەگەڕێ، بەڵام هیچ کاتێک خەونی گەڕانەوەی بۆ ئەو بەهەشتە، کاڵ نەبووتەوە و سەرەڕای هەوڵدانی دەسەڵاتداران بۆ دانانی زەمەنێک بۆ کۆتایی هاتنی فڕاندنی ئەو خەیاڵە و بە پووچ وەسفکردنی یوتوپیاکانی مرۆڤایەتی، کەچی هەتا دەچێ لە بەرزایی چیاکانی زاگرۆسەوە، هەڵتانی حەقیقەتی ئەو یوتوپیایەی ڕاستیەکەوە و رۆژ لە دوای ڕۆژ هیواکانی مرۆڤایەتی ئەبووژێتەوە. 
******
لە دوای دامەزراندنی ملۆزمی دەوڵەت، شەڕ جێگای ئاشتی گرتووە، کۆیلایەتی جێگای ئازادی گرتووە، خەم و خەفەت، جێگای شایی و خوێنی مرۆڤەکان لە پێناو کۆشکی ناپیرۆزی پاشا_ خوداوەندەکان دا قوربانی کرا. بە ئاوردانەوەیەکی لە مێژووی ٥ هەزار ساڵەی دەوڵەت زۆر بە ڕوونی ئاشکرا دەبێ کە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا پەلهاوێشتکانی ڕوو لە چیاکانی زاگرۆس خوێناوییانە بووە و هەموو کاتێک بە شەڕ و کوشتار هەوڵی داوەکە سەر بە چیاکانی کوردستان دانەوێنێ و تەسلیمیان وەگرێ. بۆ ئەو مەبەستەش لە شەڕی ڕاستەوخۆوە بگرە هەتا ڕێبازی چەپەڵی خیانەت زۆر ڕێبازی تاقی کردووە. 
داستانی گلگامیش و چۆنیەتی یارمەتی دانی لە لایەن ئەنکیدۆ وە، بۆ کوشتنی "خومبابای" پاسەوانی دەرگای وڵاتی دارستانەکان، ئەوە نیشان دەدا کە هەر کاتێک خاوەنەکانی دەوڵەت لە هێرشەکانیان دا بۆ سەر وڵاتی زاگرۆسان سەرکەوتوو نەبوون، بە بێ دوو دڵی کەڵکیان لە توخمی خیانەتی مێژووی وەگرتووە و هەوڵیان داوە بەم ڕێبازە چەپەڵە ئاکام بە دەست بێنین. لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو دا ئەم ڕێبازە بە شێوازی جۆراوجۆر لە دژی وڵاتی زاگرۆسان تاقیکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەک چیاکان بەڵکوو کامە تەپۆڵکەی کوردستان لە ئەکامی ئەو هێرشانەدا سەری دانەواندووە؟ 
چیاکانی ئەم وڵاتە نەک سەریان دانەنەواندووە، بەڵکوو مەڵبەندی کاوەکانە. لەو ڕۆژەوە خاوەنەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری شارستانی ناوەندی هێرش دەکەنە سەر ئەم ئاوخاکە، هەر لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا ئەم مەڵبەندە کاوە لە دوای کاوە پێئەگەیەنێ و هێرشە چەپەڵەکان بە بەرخۆدانی مێژووی و قارەمانانە بەرپرچ دەدەنەوە و ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی دایکی پیرۆز نەریتی تێکۆشانی خومبابایی ئەم وڵاتەیان گەیاندووەتە لووتکە. 
داستانی کاوەی ئاسنکاریش یەکێک لە داستانەکانی بەرخۆدانی مێژووی زاگرۆسنشینەکانە. کاوەی ڕۆڵەی فەرهەنگی زاگرۆسی لە بەرانبەر زوڵم و زۆری نەریتی پاشایەتی سەریهەڵداوە. فەرهەنگی زاگرۆسی وڵاتی ئاگر و رۆژێ، هەتا ئێستاش نامۆی ڕێبازە چەپەڵەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە.  پەیوەندی نێوان ئەم کلتوورە پیرۆزە و دەسەڵاتداری شارەستانی ناوندی وەکوو "ئاو و ڕۆن" وایە. هەرچەندە هەوڵی تێکەڵکردنیان بدەی، لە ئاکام دا لە یەکدی جیا دەبنەوە و ئاوێتەی یەکدی نابن. ئیمکانی نییە، فەرهەنگێک سەرچاوەکەی ڕەنجی "ژن - دایک"ی پیرۆزە ئاوێتەی نەریتی دەسەڵاتداری دەوڵەتگەرای بەرهەمی زێهنیەتی پیاوسالارانە ببێ. 
ژینگەی لاپاڵی چیاکانی زاگرۆس دا، مەڵبەندی کاوەکانە. هەرچەند جاروبار مرۆڤە کرمۆڵەکان لەم ژینگەیەدا سەریان دەهێنابێ، بەڵام لە پاڵ قەڵافەتی بەرزی کاوەکان دا، ون بوون و پووکانەتەوە. باس کردن لە حەقیقەتی ژیانی سرووشتی فەرهەنگی زاگرۆس بە ڕستەیەکیش بێ، ئەوە نیشان دەدا کە ئەو کۆمەڵگایەتی کە خاوەن فەرهەنگی سرووشتی زاگرۆسەکانە، گەورەترین و بە بایەخترین تایبەتمەندی ئاوێتە نەبوون لەگەڵ فەرهەنگی دەسەڵاتدارییە. لەم ڕوانگەیەوە بەستنەوەی هەر تایبەتمەندییەکی کەسایەتی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتپارێز، بە کاوەی ئاسنکارەوە بێ واتایە. کاوەی رۆڵەی فەرهەنگی زاگرۆسی کوردستان لە بەرانبەر زاڵمایەتی پاشای شارستانی ناوەندی لە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردی دەمژی، سەریهڵداوە. ئەو داستانەی کە ئێرانییەکان بۆ "کاوەی ئاسنکار"یان هەڵبەستووە، چەواشەکارییەکی مەزنە. حەقیقەتی کەسایەتی کاوەی ئاسنگەر، باس لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی زاگرۆسی وڵاتی ئاگر و ڕۆژە و لەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. 
لەپاڵ ئەوەدا، ئێرانییەکانی خاوەن دەسەڵاتداری نگریسی خوسرەوانی ئێرانی، هەوڵیان داوە چەواشەکاری لە نەورۆزیش دا بکەن و لە جەوهەری ڕاستی خۆی کە پەیوەندی بە ژیانی گەلانی خاوەن فەرهەنگی زاگرۆسیەوە هەیە دەری بکەن و بیکەن و لە مەراسمێکی کۆشکی شاکان دا قەتیسی بکەنەوە. 
نەرورۆزی کوردەواری، ڕۆژی تێکۆشان، رۆژی بەرخۆدان و رۆژی ئازادییە. بە درێژایی مێژوو بەو شێوەیە بووە و ئەو نەریتەی لە کاوەی ئاسنکارەوە بە "کاوەکانی هەمدەمی" کوردستان گەیشتووە، باس لەو حەقیقەتە دەکات. دوێنی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی کاوەی ئاسنکار، بارەگای زوڵمی زاڵمانی شاهەنشاهی خوسرەوانییان ڕوخان ، ئەمرٶ گەلی کورد بە پێشەنگایەتی کاوەی هەمدەم "مەزڵووم دۆغان" ستاتۆی نکۆڵی و لەناوبردنی سیستەمی شارستانی ناوەندی کە بە سەر گەلی کورد دا دایسەپاندبوو، تێکشاند و سبەی هەتاوی ئازادی و بونیادنانی شارستانی دیموکراتیک لە لاپاڵەکانی زاگرۆسەوە بە هەموو جیهان دا بڵاو دەکەنەوە و لەگەڵ توواندنەوە سەۆڵبەندانی "شارستانی ناوەندی دەسەڵاتگەرا" ، مزگێنی ئازادی مرۆڤایەتی، دەبێ بە حەقیقەت. 
کوردانی خاوەن نەریتی تێکۆشانی نەورۆزانە، بە درێژایی مێژوو لە بەرانبەر دەسەڵاتدارن و هێرشەکانیان، لە پێگە و سەنگەری بەرخۆدان دا بوون. بەو شێوەیە بوو کە داستانی"کاوەی هەمدەمی کوردستان مەزڵوووم دۆغان" لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢ دا بوو بە حەقیقەت. دەسەڵاتدارنی داگیرکەری کوردستان چەندە هەوڵیان دا نەورۆز و نەریتی تێکۆشان وئازادیی نەورۆزانە کە بیری کوردان ببەنەوە، بەڵام لە دوایین چرکە ساتەکانی گیانکەنیشتی یەکێک لە کۆنترین گەلەکانی جیهان، واتا گەلی کورد، وەکوو ژیلەمووی ژیر بووڵەمڕ، بوهێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان جارێکی دیکە لە قەڵافەتی "کاوەی هەمدەم مەزڵووم دۆغان " دا بووژایەوە و جارێکی دیکە هەموو  دەستێوەردانەکانی داگیرکەران بە ئامانجی لە ڕێدەکردنی گەلی کورد لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، وەکوو بەفری بەر هەتاو، تووایەوە و کوردان بە پێشەنگایەتی "کاوەکان" وەکوو "گوڵە بەفرینە" سەریان دەرهێنایەوە. 
ژیانەوەی ئەمجاری گەلی کورد بە پێشەنگایەتی "کاوەی هەمدەم" لە نەورۆز دا، مزگێنی سەرکەوتنی لەگەڵ خۆی هێناوە. چوونکە ئێستا زایەڵەی دروشمی "بەرخۆدان ژیانە و تەسلیم بوون مردنە" نەک تەنیا لە ژوورەکانی تاکەکەسی زیندانی ئامەد، بەڵکوو لە هەموو کۆڵانەکانی کۆبانێ و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای و باکووری کوردستان، هەتا دەگاتە هەموو چیا و شاخەکانی کوردستان دەنگ دەداتەوە. ئێستا لە چیای ئاگرییەوە هەتا، سەجەم چیا و تەپۆڵکەکانی زاگرۆسان، لە جوودیەوە هەتا شاهۆ، لە چیای مونزوورەوە هەتا داڵاهو، دەنگدەداتەوە.
"کاوەی هەمدەمەی مەزڵووم دۆغان" ساڵی ١٩٥٥ لە گووندی "تەمەن"ی شاری "دەپ"ی پارێزگای "ئەلعەزیز" لە باکووری
کوردستان لە دایک بوو. لە دوای ئەوەی لە قوتابخانەی مامۆستای شاری "باڵککەسەری"ی تورکیای تەواو کرد، لە ساڵی ١٩٧٤ دا، لە کۆلیژی ئابووری زانکۆی "هاجەتتەپە"ی شاری ئانکارا دەستی بە خوێندن کرد. لە دوای ماوەیەکی کەم کە دەستی بە خوێندن لە زانکۆ کرد، ئاشنای کادیرە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆیی بوو و دەستی بە تێکۆشان کرد. بەو شێوەیە لە ساڵی ١٩٧٦ دا بە تەواوی دەستی لە خوێند هەڵگرت و وەکوو یەکێک لە کادیرە سەرکییەکانی دامەزێنەری پەکەکە دەستی بە تێکۆشان کرد. لە دوای ئەوەی تەڤگەری ئاپۆییەکان لە ساڵی ١٩٧٧ دا بڕیاریان دا لە ئانکاراوە بگەرێنەوە بۆ کوردستان لەوێ تێکۆشان بەردەوام بکەن، مەزڵووم دۆغان بە شێوەیەکی چالاک لە شارەکانی ئامەد و بە تایبەتی باتمان بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوو و هەر لە ڕێگەی ئەوەوە بوو، کە فەرماندەی ئەفسانەوەی گەلی کورد "مەعسووم کۆرکماز" تەڤگەری ئازادی گەلی کوردی ناسی. 
کاوەی هەمدەمی کوردستان، مەزڵووم دۆغان لە ساڵی ١٩٨٧ دا بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە گووندی "فیس"ی سەر بە شاری "لجە"ی پارێزگای ئامەد بوو و لەو کۆنگرەیەدا، سەرەڕای ئەوەی تەمەنێی جەوانی هەبوو، وەکوو ئەندامی کومیتەی ناوەندی پەکەکە هەڵبژێدرا. 
رۆژی ٣٠ سێتامبری ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەسبەسەر و دواتر لە زیندانی ئامەد زیندانی کرد.
لە دوای کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ زیندانی ئامەد، وەرچەرخێندرایە، سیاچاڵێک بۆ تەسلیم وەرگرتنی کادیر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد. ژنڕاڵەکانی ڕژیمی کودەتای سەربازی ١٢ی سێپبامبر، بە وەحشیانەترین شێوەیە ، گیراوانی سیاسییان ئەشکەنجە دەکردن و تەسلیم بوونیان بە سەردا دادەسەپاندن. بە واتایەکی دیکە زیندانی ئامەد، کرابوو بە تاقیگەیەکی وەحشیانەترین ئەشکەنجەکان. هەموو ئەوانەش لە پێناو لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی و ئیرادەی بەرخۆدانی و تێکۆشانی گەلی کورد لە کەسایەتی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی دا بەڕێوە دەچوو. لە شەوزەنگی داگیرکاری و لە ژێر ئەشکەنجەی دژواری نێو ژوورەکانی تاکەکەسی زیندانی ئامەد، مەزڵووم دۆغان، بە هەڵگرساندنی سێ چوکلە شقارتە، نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢ی پیرۆز کرد و ئاگری ئەو سێ چوکلە شقارتەیە، شەوە زەنگی ڕەشی داگیرکاری لە کوردستان ڕەواندەوە. 
لە کاتێک دا کاربەدەستانی ڕژیمی داگیرکەری تورک، بە پەرەدان بە ئەشکجەنەدانی گیراوانی سیاسی دۆزی تەڤگەری ئازادئ گەلی کورد، ئامانجیان تێکشکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان بوو، مەزڵووم دۆغان بە پیرۆزکردنی نەورۆز و ئاگربەردان لە جەستەی لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢ دا، دروشمی "بەرخۆدان ژیان"ی کرد بەو درووشمە، کە بناغەی داگیرکاری لە کوردستان لەرزاند و هەڵیوەشاندەوە. لەو سەردەمە تاریکەدا، و لە کاتێک دا هەموو هیواکان تێکشکێندرابوون، هەبوونی کورد و کوردستان لە لێواری لەناوچوون دا بوو، "کاوەی هەمدەمی کوردستان" بە داگرساندنی سێ چوکلە شقارتە و بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بەرخۆدان ژیانە، تەسلیم بوون مردن" هەموو پیلانەکانی داگیرکەرانی پووچەڵ کردەوە و نەریتی مێژووی بەرخۆدانی گەلی کورد کە لە کاوەی ئاسنکارەوە بە میراتە بۆ ڕۆڵەکانی گەلی کورد مایبوویەوە، گەڕاندەوە بۆ سەر ڕاستەڕێگای خۆی و بەو شێوەیە شۆرشێک لە کوردستان دەستی پێکردووە کە ئەمرٶ نەک تەنیا کوردستان، بەڵکوو سەرجەم ڕۆژژهەڵاتی ناوین و تەنانەت سەرجەم مرۆڤایەتی، هیواکانی خۆیان پێوە گرێ داوە و هەڵهاتنی هەتاوی ئەو تێکۆشانەی لە کوردستانەوە هەڵهاتووە هەموو جیهان ڕوون کردەوەتەوە و مرۆڤایەتی هێڤدار بە داهاتوویەکی شکۆدار کردووە. 
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان "جەمیل بایک" لە پەرتووکی"مێژوویەک لە ئاگر" بەو شێوەیە باسی کەسایەتی و چالاکی "کاوەی هەمدەمی کوردستان" دەکات:
" لە بنەڕەتدا پەیامی بەرخۆدان هەڤاڵ "مەزڵوم" بەخشی، لە نەورۆز دا دژی ئەو زوڵم و وەحشییەتەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، سەرۆکایەتی بەرخۆدانی کرد. هەڤاڵ "مەزڵوم دۆغان" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو، بەو چالاکییە پێشەنگایەتی بەرخۆدانی کرد و لە خۆیەوە دەستی پێکرد. هەڵبەتە پێشەنگایەتیش هەر ئەمەیە، واتا نەیگووت؛ " با هەڤاڵێکی دیکە خۆی بسووتێنێت، یان چالاکییەک ئەنجام بدات". ئەگەر بە هەر هەڤاڵێکی بگووتبایە ئەو هەڤاڵەش ئەوەی دەکرد. بەڵام بە خۆی و لە خۆیەوە دەستی پێکرد، بۆ چی لە خۆیەوە دەستیپێکرد؟ چوونکە ئەو وەحشییەتەی لە سەر ئەو ئەنجام درا زۆر مەزن بوو، ئەگەر هەمان ئەو چالاکییەی "هەڤاڵ مەزڵوم" ئەنجامی دابوو هەڤاڵێکی دیکە ئەنجامی بدابایە و بیانگووتبایە ئەو چالاکییەی ئەنجام داوە، ئەوان ئەوەندە کاریگەری خۆی لە سەر کادیر نەدەبوو، ئەگەر هەڤاڵ مەزڵووم خۆی ئەو چالاکییەی ئەنجام دا، بۆ ئەوە بوو کە کاریگەرییەک لە سەر هەموو کادیران لە دژی تەسلیمییەت دروست ببێت و بەرخۆدان بەهێزەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە چالاکییەکەی لە خۆیەوە دەستپێکرد. هەروەها ئەم تەڤگەرە خاوەن کولتوورێکە. لە کولتووری ئەم تەڤگەرەدا بەرپرسیاری تۆ چەندە مەزن بێت دەبێت پراکتیکی تۆش هێندە مەزن بێت، ئەمە کولتوور و ئەخلاقی ئەم تەڤگەرەیە. لەوێش بەرپرسیاری هەڤاڵان "مەزڵووم دۆغان، کەماڵ و خەیری" بوون. چوونکە ئەوانە هەڤاڵی مەرکەزی بوون، پیویست بوو بەرخۆدان لەوێ لە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو هەڤاڵانە پێشبکەوتبایە. 
بێگومان کاتێک "هەڤاڵ مەزڵوم" ئەو چالاکییەی ئەنجام دا، کاریگەرییەکی مەزنی لە سەر هەڤاڵان کرد. هەر بۆیە هەڤاڵ "فەرهاد کورتای" و هەڤاڵای دیکە بەدوایدا چالاکییەکەیان ئەنجام دا. 
کاتێک ئەو چالاکییە ئەنجام درا، هەڤاڵ "کەماڵ پیر" دەڵێ؛ لە بنەڕەتدا ئەو چالاکییەی هەڤاڵان ئەنجامیان دا دەبووایە ئێمە ئەنجاممان دابایە" لێرەدا بەمشێوەیە ڕەخنەدانی خۆیشی دەدات. 
هەر بۆیە هەڤاڵان "کەماڵ پیر، محەمەد خەیری دوورمووش، عاکف یڵماز و عەلی چیچەک"یش دەست بە چالاکی دەکەن. بەو شێوەیە لە زیندانی ئامەد وەحشییەت و ئەشکەنجە لە گۆڕ نرا و بە بەرزبوونەوەی "دروشمی بەرخۆدان ژیانە" مرۆڤایەتی هەڵدەستێنەوە سەر پێ و بەو شێوەیە بەرخۆدانێکی مەزن پێشکەوت." 
ئێستا جەستەی کاوەی هەمدەمی کوردستان "مەزڵوم دۆغان" لەگەڵ "دەلیل دۆغان"ی برای، لە ئارامگەی هەمیشەییان دا ئارامیان گرتووە، بەڵام ڕوحی مەزڵووم دۆغان لەگەڵ هەڤاڵانی لە چیاکانە کوردستانە. لەگەڵ هەڤاڵانی لە شارەکانی کوردستان و لەگەڵ هەڤاڵانی لە هەموو بست بە بستێکی خاکی کوردستان دروشمی بەرخۆدان ژیانە دەڵێتەوە و هیواکانی مرۆڤایەتی لە کوردستانەوە ئەبووژێنەوە. 
لە کاتێک دا لە ساڵانی ٨٠کان سەدەی ڕابردوودا جەژنی نەورۆی کوردەواری لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قەدغە کرابوو و بە هیج شێوەیەک ڕێگە بە پیرۆزباییەکانی نەورۆز نەدردرا، نەریتی بەرخۆدانی "مەزڵوم دۆغان" لە لایەن "زەکیە ئاڵکان"ی کوردستانەوە بەردەوامی پێدرا. ئەمجار ئاگری نەورۆز لە بەر دیواری قەڵای ئامەد لە لایەن "زەکیە ئاڵکان"ەوە هەڵکرا. یەکەمین جار بوو کە مێژوو شاهید بۆ هەڵوێستی ئاوەها  ڕادیکاڵ لە لایەن ژنێکی کوردەوە دەکرد. "زەکیە"ی کوردستان بە چالاکییەکەی بوو بە سەمبولێکی "نەورۆزی ئازاد" لە هەر چواری لای وڵات. 
"زەکیە ئاڵکان"  لە مانگی "دێسێمبری" ساڵی ١٩٦٥ دا لە دایک بووە. ئەو کچێکی عەلەوەیی خەڵکی شاری دێرسم بوو. لە تەمەنی
منداڵێ دا، منداڵێکی چالاک بوو و لە قوتابخانە دا، یەکێک لە قوتابییە نموونەکان بوو. مامۆستاکانی هەموو کاتێک "زەکیە ئاڵکان"یان وەکوو نموونە نیشان دەدا. 
بنەماڵەی "زەکیە ئاڵکان" بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر بوو. ئەو لە نێو بنەماڵەیەکی بەو شێوەیەدا مەزن ببوو. لە ساڵانی خوێندنی دا لە قوتابخانەی دواناوەندی لە شاری ئیزمیر ئاشنای شۆرشگێرانی تورک دەبێ. بە تایبەتی چالاکی " فەرهاد کورتای، نەجمی ئۆنەر، ئەشرەف ئانیک و مەحموود زەنگین" لە زیندانی ئامەد کاریگەری لە سەر دانابوو. ئەو کتێبی "شەوی چواران" کە سەبارەت بە ژیان و تێکۆشانی کادیرانی پێشەنگی"پەکەکە"یە خوێندبووە. 
لە دوای ئەوەی زەکیە ئاڵکان قوتابخانەی دواناوەندی تەواو کرد، لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی ئامەد دەستی بە خوێندن کرد. لەو ساڵانەدا دەوڵەتی تورک بە تووندترین شێوەیە هێرشی دەکردە سەر هەر چالاکییەک کە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز لە لایەن کوردانەوە ڕێکبخرایە. زەکیە ئاڵکان کاتێک لە زانکۆ دا بوو، لە بەر چالاکییەکانی لە لایەن پۆلیسەکانی ڕژیمی داگیرکەری تورکەوە دەسگیر دەکرێ و لە زیندانی ئامەد زیندانی دەکرێ. 
"عەداڵەت ئاڵکان"ی خوشکی "زەکییە ئاڵکان" لە وتووێژێک دا سەبارەت بەو ڕووداوە دەڵێ؛ لە زیندان دا ژنێکی کورد منداڵی دەبێ. کاربەدەستانی زیندان هیچ یارمەتییەکی ئەو ژنە کوردە ناکەن و تانەنەت دەڵێن؛ ئەو منداڵە کاتێ گەورە ببێ، دەبێ بە تیرۆریست. ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی مەزنی لە سەر زەکییە دانابوو. زەکییە دەیگووت، لە بەر چاوی ئێمە پۆلیسەکان ئەشکەنجە لە میللەت دەکەن و ئێمەش هیج کارێکمان لە دەست نایە، تەنیا تماشا دەکەن." 
لە ساڵی ١٩٩٠ دا خوێندکارانی زانکۆی ئامەد و خەڵکی ئامەد دەیانەوێ جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن. بەڵام پۆلیسەکانی تورک هێرش دەکەنە سەریان و بڵاوەیان پێدەکەن. 
عەداڵەت ئاڵکان" سەبارەت بەو ساتەوەختانە دەڵێ:" کاتێ پۆلیسەکانی بڵاو بە خەڵکی دەکەن، زەکیە دەچێ بۆ بەر دیواری قەڵای ئامەد. کاتژمێر لە نێوان ٣ بۆ ٤ بووە. زەکییە دەڵێ، نەورۆز نەک تەنیا بە دار و تایە بەڵکوو بە ئاگری جەستەی مرۆڤەکانیش پیرۆز دەکرێ. بەو شێوەیە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا، لەو کاتەدا دروشمی گووتەوەتەوە و ناوی مەزڵوم دۆغانی هێناوە.
کاتێ لە نەخۆشخانە بوو، زەکیە گووتبووی ؛ من خۆم ئەو  چالاکییەم ئەنجام داوە. خۆم بەرپرسیاریەم. دەبوایەی یەکێک لە بەرانبەر ئەو هەموو زوڵم و زۆرە ڕاوەستایە، ئەوەیش من بوو. 
لە سەدا ٩٠ی جەستەی سووتا بوو، هەتا ئەو کاتە گیانی بەختکرد، هۆشی لە سەر خۆی بوو. 
لە دوای ئەوە کچەی قارەمانی کورد "زەکیە ئاڵکان" گیانی بەختکرد، پۆلیسەکانی تورک هەوڵ دەدەن، تەرمی پیرۆزی بڕفێن و نەیدەنەوە بە بنەماڵەکەی، دایکی زەکیە لەو کاتەدا هاوار دەکات، ئەگەر تەرمی کچەکەم نەدەنەوە منیش خۆم ئەسووتێنم.
بەو شێوەیە نەریتی بەرخۆدانی "کاوەی هەمدەم" لە لایەن "زەکییە ئاڵکان" بەردەوامی پێدرا و ئیدی نەورۆز لە کوردستان جارێکی دیکە واتای ڕاستینی خۆی بۆ گەڕایەوە و بە ڕاستی بوو بە ڕۆژی نوێی بەرخۆدان و ئازادی. 
شاعیری گەورەی کورد "شێرکۆ بێکەس" لە هۆنراوەیەکی دا بە ناوی "دۆنادۆن" بەو شێوەیە باسی چالاکییەکی "زەکییە ئاڵکان"دەکات:
"بۆ زەکیە ئالکان"
دارێک سووتا.. دووکەڵەکەی
هەڵبەستێکی گریاناوی بۆ باخ نووسی.
کە باخ سووتا .. دووکەڵەکەی
چیرۆکێکی زۆر غەمگینی بۆ شاخ نووسی.
کە گوند سووتا .. دووکەڵەکەی
شانۆیەکی تراژیدی بۆ شار نووسی
لە شاریشدا ژنێک هەبوو
کە جوانی درەخت و شاخ و
گوند و شاری
لە ناو دڵ، لە ناو چاو و لە باڵادا هەڵگرتبوو
وەختێ ئەو ژنەیش خۆی سووتان بۆ ئازادی
دووکەڵەکەی
داستانێکی بێ کۆتایی
بۆ سەرانسەری وڵاتم هەمووی نووسی!
گیانی زه‌کیه‌ ئا‌لکان لە نه‌ورۆزی ساڵی 1990 ده‌بێته‌ نه‌ورۆزی به‌رخۆدان و سه‌رهه‌ڵدان و لەنەورۆزی (1990)وه‌ تا ساڵی (1992) لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا سەرهەڵدانی گەل بەرپا بوو. تێکۆشان تەڤگەری ئازادی گەلی کورد گەیشتە ئاستێکی جه‌ماوه‌ری، گه‌ل به‌ ئافراندنی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری سیاسه‌تی ملیتاریستی ریسواکرد و زه‌برێکی گه‌وره‌شی له‌ سیاسه‌تی له‌یه‌ک جیاکردنه‌وه‌ی ماسی و ئاو دا، به‌مه‌ش گەل به‌ سه‌رهه‌ڵدان و گەریلاش به ‌به‌رخۆدان ئاوێته‌ی یەکتر بوون. 
ئیدی لە دوای چالاکییەکەی "زەکیە ئاڵکان" درووشمی بەرخۆدان ژیانە لە لایەن گەلی کوردەوە بە سه‌رهه‌ڵدانی جەماوەری  پەرەی پێدەدرێ. سەرەتا گه‌ریلای ئەرتەشی ڕزگاری گەلی کوردستان "ئارگه‌که‌" "کامەران دوندار" ناسراو به‌ "زانا" لە ڕۆژی 10ی مارسی ساڵی 1990 له‌ ماردین له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵی خۆی گیانیان بەختکرد، به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌ل لە شارۆچکەى نسێبیندا سه‌رهه‌ڵدان دەستپێده‌کرد. دواتر لە"جزیرە" و سەرانسەری "بۆتان" یش سەرهەڵدان بەرفراوان ده‌ستیپێکرد و لەنێو سەرهەڵدانەکەدا کادیری شۆڕشگێڕ "بنەوش ئاگال" ناسراو به‌ "بێریڤان" لەساڵی "1992" لە "جزیرە" گیانی له‌ ده‌ستدا. 
ئیدی نە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و نە هیچ کەسێک نەیدەتوانی پێش بە گەلی خاوەن "مەزڵووم و زەکییە" بگری  و گەلی کورد لەباکووری کوردستان هەموو کۆت و زەنجیری قەدغەی نەورۆزی پچراند و بە سەرهەڵدانی جەماوەری و تێکۆشانی هەموو ساڵێک پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری دەکرد.
*****-
سەرەڕای هەموو زوڵم و زۆردارییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری لە سەر گەلی کورد، بەڵام کوردان ساڵ لە دوای ساڵ بە بەرفراوانتر و مەزنتر جەژنی ئاگری جەژنی تێکۆشان و ئازادی، جەژنی نەورۆزیان گوڕتر دەکرد. لە دژی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن کوردان بە جەستەی ۆیان ئاگری نەورۆزیان گەشتر دەکرد. "ڕەخشان دەمیرەڵ" یەکێک لەو رۆڵە قارەمانانانەی گەلی کورد کە بە ئاگری جەستەی خۆی بەستەڵەکی داگیرکاری توواندەوە و ئاگری لە کۆگای سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی گەلەکەی بەردا. ڕەخشان دەمیرەڵ لە رۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٢ لە گەڕەکی "قادیفەکالا"ی شاری ئیزمیری تورکیا لە دژی گووشارەکان لە سەر گەلەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.  ئەو کاتەی  کە ڕەخشان ئەو چالاکییەی ئەنجام دا، هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو. لە ساڵانی ١٩٩٠ کانی سەدەی ڕابردوودا رژیمی داگیرکەری تورک، بە وەحشیانەترین شێوەی هێرشی دەکردە سەر گەلی کورد. ڕەخشان بە بەردەوامی بە نەریتی ڕووناکی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، شەوزەنگی داگیرکاری بە ئاگری جەستەی ڕووناک کردەوە. 
ڕەخشان دەمیرەڵ ساڵی ١٩٧٥ لە شاری نسێبینی پارێزگای میردین لە باکووری کوردستان لە دایک بوو، لە بەر گووشاری ڕژیمی هێزەکانی دەوڵەتی تورک ناچار بوون کۆچبەری شاری ئیزمیری تورکیا ببن. "ڕەخشان" لە نێو هەڤاڵانی دا گەلێک خۆشەویست بوو. ڕەخشان دەمیرەڵ لە تەمەنی ١٥ ساڵی دا تەڤگەری ئازادی گەلی کورد دەناسێ و هەموو کاتێک بەدواداچوونی بۆ پێشکەوتنەکان لە کوردستان و بە تایبەتی زولم و زۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەر گەلی کورد دەکرد. لە کاتێک دا لە ڕۆژانی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٢ دا لە شارەکانی جزیرە، نسێبن و شرناخ خوێنی رۆلەکانی گەلی کورد بە دەست ژاندارمەکانی دەوڵەتی تورک دەڕێژرا، ڕەخشان لە سەر قەڵای "قادیفەکالا"ی شاری ئیزمیر بۆ گەشکردنی ئاگری نەورۆز ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا. 
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە هەڵسەنگاندێکی دا سەبارەت بە ڕەخشان دەمیرەڵ دەڵێ؛" کچی جەوانی کورد "ڕەخشان
دەمیرەڵ" لە شاری ئیزمیر لە ڕۆژی نەورۆز دا چالاکی ئەنجام داوە. چالاکییە زۆر واتادارە و ڕەخشان رۆڵەی هێژا و قارەمانی گەلەکەیەتی." 
******-
هەتا قەدەغە و گووشار لە سەر گەلی کورد زیاتر بوو، بەرخۆدان و تێکۆشانی رۆڵەکانی گەلی کورد لە نەورۆز دا زیاتر بوو. لە ساڵی ١٩٩٤ دا دوو کچی جەوانی کورد بە ناوەکانی" ڕوناهی و بێرڤان" لە شاری مانهایمی ئاڵمانیا لە رۆژی نەورۆز دا ئاگریان لە جەستەیان بەردا و بەو شێوەیە قەدەغە و گووشارەکانی سەر گەلی کوردیان بێ واتا کرد. 
ناوی تەواوی "بێرڤان"، "نیلگوون یەڵدرم" ە و ناوی تەواوی" ڕوناهی"، "بەدرییە تاش"ە. نیلگوون یڵدرم ناسراو بە بێرڤان خەڵکی شاری دێرسم لە باکووری کوردستان بوو. هەتا تەمەنی ١٢ ساڵی لە لای پووری مەزن دەبێ. لە تەمەنێکی کەم دا بە زۆر ناچاری ژیانی هاوبەش دەکرێ. لە بەر ئەو زوڵم وگووشارانەی دەبینی، ناچار دەبێ بچێ بۆ ماڵی پاراستنی ژنان و لە دوای ئەوەی بە ڕێگای دراوسێکی کوردی ئاشنای تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەبێ و بەشداری کار و خەباتی سیاسی دەبێ.
لە بەر ئەوەی بنەماڵەی "بەدرییە تاش" ناسراو بە "ڕوناهی" ڕووبەڕووی گووشاری هێزەکانی دەوڵەتی تورک دەبوونەوە، ناچار دەبن کۆچبەری ئەوروپا ببن. کاتێ بنەماڵەی ڕوناهی کۆچ دەکەن، ئەو تەمەنێ ٣ ساڵ دەبێ. بنەماڵەی "ڕوناهی" بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی کورد دەبن و بە شێوەیەی چالاکانە بەشداری کار و خەباتی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد دەبن. ڕوناهیش زۆر زوو بەشداری تێکۆشانی ئازادی دەبێ و لە خەباتی کلتووری و هوونەری دا بەشداری دەکات. 
ئیدی "ڕوناهی" بە شێوەیەکی چالاکانە لە ئەوروپا بەشداری کار و خەبات دەبێ و لە نزیکەوە بە دواداچوون بۆ  ڕۆژەڤی کوردستان و بە تایبەتی گووشارەکانی داگیرکەران لە سەر گەلی کورد دەکات. لەو نێوەدا کاروخەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ئەوروپا قەدەغە دەکرێ. 
لە شەوی ٢١ی ئاداری ساڵی ١٩٩٤ لە نێو دارستانێکی بچووک نزیک شاری مانهایمی ئاڵمانیا، هەر دوو کچی جەوانی کورد
دەستی یەکدی دەگرن و بە جەستەی خۆیان ئاگری نەورۆز گەش دەکەن. "بێرڤان" هەمان شەو گیانی بەخت دەکات و ڕوناهیش ڕۆژی دواتر لە نەخۆشخانەی گیانی بەخت دەکات. ئەوان ئامانجیان ئەوە بوو کە ئاگری بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بەردەوام بکەن. لە کوردستان تەرمی ڕوناهی و بێرڤان بە سەرهەڵدانی مەزن پێشوازی لێکرا, بۆ یەکەمین جار لە شاری دێرسم لە مەراسمی بە خاکسپاردنی تێکۆشەرێکی کورد دا دەرگای هەموو دووکانەکانی شار داخران و جەماوەر تێکرا بەشداری مەراسمی بەخاکسپاردن بوون. 
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە دوای چالاکییەی ڕۆناهی و بێرڤان، ڕێگەیاند؛ ئەگەر بەدەستهێنانی ئازادی ئاسان بایە، ڕۆناهی و بێرڤان خۆیان نەدەسووتاند.
******--
سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی ڕژیمە داگیرکەرکانی سەر کوردستان بۆ چەواشەکاری لە واتای ڕاستنی نەورۆز دا، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ گەلی کورد زیاتر واتای ڕاستەقینەی نەورۆزیان بۆ دەگەڕانەوە. هەوڵدانی دەوڵەتانی داگیرکەری بۆ کوژانەوەی ئاگری نەورۆز، ئاکامێكی پێچەوانەی هەبوو و هەتا دەچوو ئاگری نەورۆز گوڕتر دەبوو. 
لە ساڵانی نێوان ١٩٩٣ هەتا ١٩٩٩ ڕژیمی داگیرکەری تورک  سەرجەم پیرۆزباییەکانی نەورۆزی لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدە‌غە کرد. هاوکات هەوڵی دا بە ئامادەکردنی مەراسمی ساختە نەورۆزی  کوردەواری وەکوو جەژنێکی تایبەتی بە نەوەتەوەی تورک، نیشان بدات. بۆ ئەوە مەبەستە لە ساڵی ١٩٩٦ سەرۆکوەزیرئ ئەو کاتەی تورک، تانسلۆ چیللەر، ژمارەیەک مێوانی لە وڵاتانی تورکمەنستان، ئۆزبەکستان و وڵاتانی ئاسیای ناوینەوە بانگهێشت کرد و ویستی لەگەڵ بەڕێخستنی شانۆیەک نەورۆز لە واتای ڕاستینی خۆی دوور بکاتەوە. 
سەرەرای هەموو چەواشەکارییەکانی گەلی کورد کۆڵی نەدا و هەموو کۆت و زەنجیرەکانی پچراند و خاوەنداری لە نەریتی بەرخۆدان و تێکۆشانی نەورۆز کرد. لە ساڵی ٢٠٠٠ نەورۆزی شاری ئامەد بە شێوەیەکی شکۆدار و بەبەشداری ٢٠٠ هەزار کەس پیرۆز کرا. ئەوە یەکەمین نەورۆز بوو کە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە سیاسبوون و کۆکداربوونی تەڤگەری ئازادی گەلی کوردئ نیشانی هەموو جیهان دا. 
لە ساڵی ٢٠٠١ دا نەورۆز جەماوەرییانەتر و بە شێوەیەکی شکۆدارانە پیرۆز کرا. 
لە کاتێک دا دەوڵەتی تورک هەوڵی دەدا ڕێگە لە سیاسبوونی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بگرێ، بەڵام نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٢ مافداربوونی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و سیاسیبوونی تەڤگەری ئازاد گەلی کورد نیشانی هەموو کەسێک دا. 
لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، لەگەڵ دەستێوەردانی ئەمریکا لە عێراق، ستاتۆی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵوەشایەوە. هێزە هەژمۆنیکەکان لە ژێر ناوی تیكۆشانی لە دژی تیرۆر دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ گەلی کورد جارێکی دیکە نیشان دا. سەرەڕای هەموو ئەوانە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٣  بوو بە نەورۆز نیشاندانی ئیرادەی ئاشتی و چارەسەری لە لایەن گەلی کوردەوە. 
لە ساڵی ٢٠٠٤ دا تەڤگەری ئازادی گەلی کورد ڕووبەڕووی هێرشی خیانەتی نێوخۆ و هێرشی داگیرکەرانی کوردستان ببوویەوە. لە بەرانبەر ئەوە هێرشانە تێکۆشانێکی مەزن ئەنجام درا. هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکان چەند رۆژ لە دوای نەورۆز پێکدەهات. هەموو ئەوانەی نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٤ی کرد بە نەورۆێکی مێژووی. گەلی کورد لە نەورۆزی ٢٠٠٤ هەڵوێستی خۆی نیشان دا و بەو شێوەیە نەورۆزی ٢٠٠٤ بوو بە نەورۆزی پەیوەستبوون بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە. 
نەورۆزی ٢٠٠٥ بوو بە نەورۆزی ڕێفراندۆمی پەسەند کردنی پرۆژی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک کە  لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە پێشنیار کرا بوو. ڕێبازی چارەسەری پرسی کورد لە دەرەوەی دەوڵەت و بە پێی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٥ دا مۆری خۆی لە ڕۆژەڤی سیاسی دا. گەلی کورد لە نەورۆزی ٢٠٠٥ دا سیستەمی کۆنفدرالی خۆی بە شێوەیەکی ڕەسمی ڕاگەیاند. 
نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٦ ، بوو بە نەورۆزی پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی لە پەراوێزخستنی پرۆژەی چارەسەر ڕێبەری گەلی کورد و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی خوڵقاندنی ئاڵتەرناتیڤ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە. 
گەلی کورد لە سەرانسەری کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، نەورۆزی ٢٠٠٧ بە شێوەیەکی جەماوەری پیرۆز کرا. لە هەمانکات دا گەلی کورد لە دژی ژەهرخواردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان تووڕەیی خۆیان نیشان دا. 
نەورۆزی ٢٠٠٨ بوو بە نەورۆزی پیرۆزکردنی سەرکەوتنی بەرخۆدانی زاپ و پووچەلکردنەوەی سیاسەتی نکۆڵی ولەناوبردنی گەلی کورد. 
گەل کورد لە نەورۆزی ٢٠٠٩ دا ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکی پرسەکەیان بۆ هەموو جیهان نیشان دا. 
نەورۆزی ٢٠١٠ بوو بە نەورۆزی وڵامدانەوەی سیاسەتەی ساختە و هەڵخڵەتێنەری چارەسەری ئاکەپە. لە بەرانبەر ئەوە گەلی کورد مەزنترین نەورۆزی خۆیان لە مێژوودا پیرۆز دەکرد. هەروەها بوو بە نەورۆزی پووچەڵکردنەوەی پیلانگێری نێودەوڵەتی. 
لە نەورۆزی ٢٠١٢ دا ئامەد بوو بە مەڵبەندی مەزنترین پیرۆزبایی نەورۆز لە جیهان دا. سەرەڕای هەموو قەدغەکارییەکانی دەوڵەت گەلی کورد بە شێوەیەکی شکۆدارانە قەدەغەکانیان پووچەڵکردەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد. 
ڕێبەری گەلی کورد لە نەورۆزی مێژووی ساڵی ٢٠١٣ دا مانیفێستی مێژووی خۆی بۆ هەموو جیهان ڕاگەیاند. بەو شێوەیە گەلی کورد قۆناغێکی دیکەی تێکۆشانیان دەسیپێدەکرد، کە بە قۆناغی تێکۆشانی سیاسی ناودێر کراوە. 
لە نەورۆزی ٢٠١٤ دا تێکۆشانی سیاسی گەلی کورد قەڵەمبازی مێژووی بە خۆیەوە بینەوە و جارێکی دیکە بوو بە نەورۆزی خاوەنداریکردن لە نرخەکانی تێکۆشان و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی سەرقاڵکردنی داگیرکەران. 
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەکانی لە باکووری وڵات، ئیدی نەورۆز لە بەشەکانی دیکە و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە شیوەیەکی جەماوەرییان پیرۆز دەکرا.
 
تێبینی: ئەم بابەتە لە بەرەبەری نەورۆزی ٢٠١٥ دا ئامادە کراوە.

لە کۆتاییدا ئەم چەمە خرۆشانەی کە ناوی ژیانە لە دڵتایی "هیچ" دا ئارام ئەگرێ و لە دوای ئەوەی ئیدی نە دوێنێک، نە ئەمڕؤییەک و نە بەیان...